AP ١٤٠٣ خەرمانان ١٠ ٢٠:١٢

سەرچاوەکانی هەواڵ شرۆڤەی دەکەن؛

پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ لە قاچاخەوە تا هەڕەشەی ئۆپێک

پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ لە قاچاخەوە تا هەڕەشەی ئۆپێک

بەپێی لێکدانەوەی هەندێک لە سەرچاوەگەلی میدیایی بواری نەوت و گاز، ڕەهەندی بەرهەم‌هێنان، فرۆش و قاچاخی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان زۆر زیاترە لەوەی ڕاگەیێندراوە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەرێمی کوردستان تا بەر لە مارچی ٢٠٢٣، ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاوی لە ڕێگەی بۆریی نەوتی تورکیاوە گواستۆتەوە بۆ بەندەر جەیهانی ئەو وڵاتە و لەوێوە ڕەوانەی بازاڕی نەوتی ئەورووپا و بە تایبەت وڵاتانی پەراوێزی باکووری دەریای ناوەڕاست، کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای بردنەوەی عێراق لە دۆسیەی سکاڵا لە دژی تەورکیا بە تاوانی هەناردەی یەک‌لایەنەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هێڵی بۆریی نەوتی تورکیا داخرا.

بەڵام پاش داخرانی هێڵی بۆریی تورکیا، نەوتی خاوی هەرێم بە کڕیارانی ناوخۆیی لەو ناوچەیە فرۆشراوە. بە چەشنێک کە ئیس.ئەند.پی گلۆباڵ وەک میدیایەکی چاودێری بواری نەوت و گاز لە ڕاپۆرتی ئەوڕۆیدا، ڕایگەیاند کە بەشێکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە بە ٥ پاڵاوگەی فەرمیی ئەو ناوچەیە کە دەفرایەتیی ڕۆژانە ٣٣٠ هەزار بەرمیلی نەوتیان هەیە.

هاوکات ڕۆیتێرز و ئۆویل پرایس لە ڕاپۆرتێکی هاوشێوەدا ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تانکەری نەوتکێش و تەنانەت بە ئاژەڵان، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئاودیوی وڵاتانی دراوسێ دەکرێن. ئەم سەرچاوانە تەنانەت پاگەندەی ئەوە دەکەن کە لە ئێستادا بەشێک لە نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سووریا قاچاخ دەکرێت.

بەمجۆرە و بەپێی ڕاپۆرتەکان هەرێمی کوردستان خەریکی گەیاندنەوەی ئاستی فرۆشی ڕۆژانەی نەوت بۆ کاتی هەناردەی بە تورکیایە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئێس.ئەند.پی گلۆباڵ ٥ کۆمپانیای نەوتی بیانی کە زۆرترین بەرهەم‌هێنانی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانی لە بندەستیاندایە، سەرەڕای وەستانی هەناردەی فەرمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە، خەریکی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم‌هێنان و ڕاپەڕاندنی پلانی گەشەدان بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمن.

لەمناوە مایڵز کاگینز وتەبێژی هەشت کۆمپانیای نەوتی بیانی لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێک بۆ ئارگۆس میدیا، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەم‌هێنانی نەوتی خاوی لە هەرێمی کوردستان بۆ ٣٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا پشتڕاست کردەوە.

ئەوی لەمناوە جێی سەرنجە هوشداری ئۆپێک بە عێراق لە بەرامبەر بەزاندنی پشکی دیاری‌کراوەی عێراق لە ٣.٩ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا بۆ ٤.٣ ملیۆن بەرمیلە کە لە ڕاپۆرتەکەی ئیس.ئەند.پی گلۆبالدا ئاماژەی پێ کراوە و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق لە وەڵامی لێپێچینەوەی ئۆپێک، هەرێمی کوردستانی بە هۆکاری ئەم سنووربەزاندنە تۆمبەتبار کردووە.

هاوکات ئۆویل پرایس لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەم‌هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تووڕەیە و خوازیاری کەمکردنەوەیەتی. بەرپرسانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق هەڕەشەی ئەوەشیان کردووە کە لە ئەگەری کەم نەکردنەوەی ئاستی بەرهەم‌هاتنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان، هیچ مووچەیەک ڕادەستی ئەو هەرێمە ناکات.

ڕێکخراوی کوردستان واچ لە ئەمریکاش ئیدعای کردووە کە هەر دوو حزیبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان ئاگاداری چەندایەتی و چۆنایەتیی قاچاخی نەوتی هەرێمن و بە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی وەستاندنی هەناردەی فەرمی نەوتی خاو و پێدانی ڕێک و پێکی مووچەی فەرمانبەران لە لایەن بەغداوە، بێدەنگیان لە قاچاخی نەوت هێناوە. ئەگەرچی داهاتێک کە لە ڕێگەی قاچاخی نەوتەوە دەستیان دەگرێت، لە باشترین حاڵەتدا نیوەی نرخی جیهانی و دیاری‌کراوە.

لەو ڕووەوە سەرچاوەکان هوشداری ئەوەیان داوە کە بە هۆی هەڕەشەی ئۆپێک لە بەغدا و تووڕەبوونی بەرپرسانی دەوڵەتی ناوەندی، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە.

* سەرچاوە: ڕاپۆرتی فارسی و وەرگێراوەی کوردپرێس لە ئینگلیزی

News ID 51474

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha